جەژن لەچیەوە ھاتووە و چۆن نوێژی جەژن دەکرێت ؟
- Nov 10, 2015
- 1 min read

جەژن لەزمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت (عید) وشەی (عید)یش لە (عود)ەوە ھاتووە واتە گەڕانەوە. ئاماژەیە بەوە کەئەم جەژنە ھەموو ساڵێک بەخۆشی و شادی ئەگەڕێتەوە، یا ئاماژەیە بەوە کە خوای گەورە ھەموو ئەو جۆرە چاکانەی کردونی لەسەر بەندەکانی بۆی ئەگێڕێتەوە. نوێژی جەژن دەستی پێکردوە لەساڵی یەکەمی کۆچیەوە پاش ئەوەی پێغەمبەر تەشریفی چووە شاری مەدینە، بینی وەک نەریتێکی خۆیان ساڵانە دوو ڕۆژیان ھەیە خۆشی وشادی خۆیان تیا دەردەبڕن، فەرمووی ئەم دوو رۆژە چیە؟ وتیان: لەکاتی نەفامیدا لەم دوو رۆژەدا یاری و شادیمان کردووە، پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) فەرمووی خوای گەورە ئەو دوو ڕۆژەی بۆ گۆڕیون بەدوو ڕۆژی چاکتر و باشتر، ئەویش ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربانە. نوێژی جەژن سوننەتێکی مـۆکدەیە، پێغەمبەری خوا بەردەوام بووە لەسەری تا وەفاتی کردوە، نوێژی جەژن دوو ڕکاتە پاش نیەت ھێنانی سوننەت، حەوت جار اللە اکبر لە ڕکاتی یەکەم و پێنج جاریش لەڕکاتی دووەم بکرێت، ھەردوو دەستی بەرزبکاتەوە بۆ ئاستی شانی و ئەم دوعایە بخوێنێ: (سبحان اللە والحمدللە و لا الە الا اللە واللە اکبر)، پاشان فاتحە بخوێنی و نوێژەکە وەک خۆی تەواو بکات. نوێژی جەژن بە جەماعەت و بەتەنھاش دەکرێت، پیاو و ئافرەت تیایدا یەکسانە، بەتایبەتی گەر ئافرەتێک نەیتوانی بێت بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەژن، لەماڵەوە بەتەنھا خۆی بیکات ھەروەک باسمان کرد.















Comments